سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست یان سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریی پاپ و قه‌شه‌كان كه به سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئایینی مه‌سیحییه‌ت به‌ناوبانگه، ئه‌م سه‌رده‌مه به گشتیی سه‌رده‌می ئیسكولاستیكی پێ ده‌وترێت. ده‌سه‌ڵاتی كلیسا‌و بواری ئایینی و ئاسمانی هه‌موو بواره‌كانی ژیان وه‌كوو، حكوومه‌ت، زانست و ته‌نانه‌ت ژیانی تاكه‌كه‌سیشی گرتبوه‌به‌رو هه‌ر چه‌شنه شوناس و پێناسه‌كردنێك بۆ مرۆڤ به‌پێی پێوه‌ره‌كانی ئه‌و ئایینه مه‌سیحییه بوو كه كۆمه‌ڵێك كه‌سی ئاینی خستبویانه ژێر چه‌پۆكی ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا وا باو بوو كه هیچ چه‌شنه لێكۆڵینه‌وه‌و داهێنانێك ره‌وایی نه‌بوو چونكوو پاپه‌كان ده‌یانگوت هه‌موو شتێك عیسای مه‌سیح باسی لێ كردووه‌و ئه‌گه‌ر شتێكیش بێت ته‌نیا راڤه كردنێكه له بیروڕاكانی عیسای مه‌سیح. بێ گومان ئه‌م چه‌شنه بیر كردنه‌وه له پێناو ده‌سه‌ڵاتی پاپه‌كادا بوو بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و قۆرخ كردنی حكوومه‌ت. له‌م سه‌رده‌مه‌دا پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ بایه‌خێكی نه‌بووه‌و، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بایه‌خ بووه، ته‌نیا بیروبڕوای ئایینی له‌ژێر چاودێریی پاپه‌كاندا بوو، ئازادیی تاك ده‌چووه خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كلیساوه‌و هیچ چه‌شنه ئازادییه‌ك و سه‌ربه‌خۆییه‌ك بۆ داهێنانی تاك به‌دی نه‌ده‌كرا.
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بایه‌خ بوو، پاراستنی ئه‌و شتانه بوو كه پێشتر ده‌ستیان پێی راگه‌یشتبوو. به واتایه‌كی تر مرۆڤ له‌باتی ئه‌وه‌ی رووی له داهاتوو بێت، ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ مێژوو و شانازیی كردن به رابردوه‌وه. له كۆمه‌ڵگایشدا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بایه‌خ بوو یان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه پڕ بایه‌خ ده‌هاته‌ئه‌ژمار، قوربانیكردنی تاك بوو له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حاكمدا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك تووشی تاوانێك ببوایه، له كاتی سزادانیدا ده‌بوو ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی حاكم ببوایه‌و ملكه‌چییه‌كی خۆی بۆ ئه‌وان بسه‌لماندایه. كلیسا تاكه ناوه‌ندی بڕیار دان و ده‌ستنیشان كردنی هه‌موو به‌هاو بایه‌خه‌كانی كۆمه‌ڵگا بوو، كه‌سیش بۆی نه‌بوو ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به‌رانبه‌ر به‌م پرسه ده‌رببڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رچه‌شنه ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به مانای راوه‌ستان له به‌رانبه‌ر ئیراده‌ی خوداوه‌ند و نوێنه‌رانیدا چاوی لێ ده‌ركرا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌بوونی مرۆڤ و مافی ژیانی له پێناو یه‌كه‌م تاوانێك بوو كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تووشی ببوو، واته به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوییه‌وه هاتبوه سه‌ر زه‌وی، كه‌وابوو بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه ده‌بوو له‌پێناو پاراستنی ئاسایش‌دا ملكه‌چی هه‌رچه‌شنه یاسایه‌ك بێت كه له لایه‌ن نوێنه‌رانی خودا واته»پاپ»ه‌كانه‌وه په‌سه‌ند ده‌كرا. ئه‌م هه‌لوومه‌رجه رێگه‌ی خۆش كرد بۆ توماس ئاكۆیناسی ئیتالیایی تاوه‌كوو به باشترین شێواز سێكۆلاریزم به مانای جیایی ده‌زگای دین له ده‌وڵه‌ت تیۆریزه بكات. ئاكۆیناس نه‌یده‌توانی وه‌كوو ئاگۆستین بیر بكاته‌وه، چونكوو هه‌لوومه‌رجه‌كه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتبوو و به پێچه‌وانه‌ی ئاگۆستین له سه‌رده‌می ژیانی ئاكۆیناسدا كلیسا ده‌سه‌ڵاتدارش بوو. سه‌ره‌روَیی و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی سه‌ر زه‌ویش به‌پێی هه‌بوونی كلیساوه ساز درابوو.
هه‌روه‌كوو له بابه‌ته‌كانی پێشووتردا ئاماژه‌مان پێدا، ئه‌فلاتۆن لای وابوو گه‌ڕان به‌دوای راستییه‌كان و حه‌قیقه‌ته‌كان له‌سه‌ر زه‌یدا بێ مانا‌و بێ سووده‌و ده‌بێ بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت له‌م جیهانه خۆمان دوور بكه‌ینه‌وه‌و به‌دوای جیهانێكی تردا بگه‌ڕێین. ئه‌ره‌ستوویش ده‌یگوت حه‌قیقه‌ت هه‌ر له نێوان بوار‌و دیارده‌كانی ئه‌م جیهانه‌دا به‌دی ده‌كرێت.
له راستیدا ئاكۆیناس پێڕه‌وی ئه‌م ده‌زگا فه‌لسه‌فییه‌ی ئه‌ره‌ستوو بوو. له روانگه‌ی ئاكۆیناسه‌وه كۆمه‌ڵگا دیارده‌یه‌كی سروشتییه‌و ژیان له كۆمه‌ڵگایه‌كی رێكخراو‌و و گونجاو‌دا مه‌رجی كه‌ڵك وه‌رگرتنه له به‌ره‌كه‌تی خودا. جیهانی دڵخوازی ئاكۆیناس رێكخراو‌و و خاوه‌ن فه‌زیله‌ته‌و لای وابوو ئه‌گه‌ر فه‌زیله‌تیش نه‌بوو، ده‌بێ هه‌وڵ بدرێ لانیكه‌م له رێگای عه‌قڵی كرده‌وه‌ییه‌وه به باشترین شێواز رێكی بخه‌ین، چونكوو ئه‌و كه‌سه‌ی وا رێكخراویی و نه‌زمی گونجاوی كۆمه‌ڵگا په‌سه‌ند ده‌كات، پێبه‌ندی تایبه‌تمه‌ندییه سروشتیی و پڕ ناوه‌رۆكه‌كان ده‌بێت نه‌ك پێبه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدار، به‌و جۆره‌ی كه له ئاییندا باسی ده‌كرێت كه حاكم ده‌بێ چۆن بێت؟
به پێچه‌وانه‌وه ئاكۆیناس باسی ئه‌ركی خه‌ڵك و رێكخراوه‌یی كۆمه‌ڵگا ده‌كات نه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار و حاكم. ئاكۆیناس سروشتی مه‌ده‌نی و به كۆمه‌ڵگایی بوونی مرۆڤی به گرینگ ده‌زانی، به‌ڵام ئاگۆستین كۆمه‌ڵگای سیاسی به ئاكامی قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی تاوانی مرۆڤ ده‌زانی. ئاكۆیناس به‌پێی بیروبڕوای ئه‌ره‌ستوو بڕوای به به‌رایی كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر تاكدا هه‌بوو، ئه‌و پێی وابوو مرۆڤ به شێوه‌یه‌ك داهاتووه كه له كۆمه‌ڵگادا بژیی و حكوومه‌ت پشتیوانی بێت. كه‌وابوو كۆمه‌ڵگای سیاسی له ئه‌نجامی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی یان شه‌ڕ و ململانێ پێك نه‌هاتوه، به‌ڵكوو ئه‌وه سروشتی مرۆڤه كه به‌پێی ژیان له كۆمه‌ڵگای سیاسی‌دا داتاشراوه. ئاكۆیناس پێی وابوو ده‌كرێت له‌م جیهانه‌دا كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كسان و عادڵانه ساز بكه‌ین و جیهانێك به‌پێی رێنماییه‌كانی مه‌سیحییه‌ت پێك بهێنرێت، به‌ڵام بڕوای به ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی قه‌شه‌كان نه‌بوو، چونكوو بڕوای به جیاكردنه‌وه‌ی دین له ده‌سه‌ڵات بوو، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بوو كه ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی قه‌شه‌كانی به ناكارامه‌و بێ سوود ده‌زانیی. ئاكۆیناس پێی وابوو حكوومه‌ت له ئه‌نجامی شه‌ڕو فه‌نا بووندا نه‌بووه، به‌ڵكوو له ئه‌نجامی مه‌ده‌نی بوونی سروشتی مرۆڤ و پێویستی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی پیاوانی یه‌كسانیخواز به‌سه‌ر خه‌ڵكی نه‌زاندا پێكهات. یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته گه‌وره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئاكۆیناس جیاكردنه‌وه‌ی «عه‌قڵ» بوو له «ئیمان». یان به واتایه‌كی تر سنووردانان له نێوان ئه‌م دوو بابه‌ته‌دا بوو به‌و جۆره‌ی كه پاپه‌كان باسیان ده‌كرد. سنووردانان له نێوان ئه‌م دوو بابه‌ته گرنگه‌دا وایكرد كه دواتر بیروبڕوای ئاكۆیناس ببێت به به‌دیهێنه‌ری سێكۆلاریزم. ئیمان له‌لای ئاكۆیناس دیارده‌یه‌كه كه‌سی باوه‌ڕمه‌ند به ئایین له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نه‌زۆك و ناته‌واو به ئیراده‌و ویستی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت و تێكه‌ڵه به هه‌سته‌وه‌و شیاوی باوه‌ڕ پێكردنێكی ته‌واو گونجاوو و دڵنیا نییه.
ئاكۆیناس ئیمانی به «كه‌لام» ده‌شوبهاندو له لایه‌كی تره‌وه عه‌قڵی به به‌دیهێنه‌ری زانست و فه‌لسه‌فه ده‌زانی، یانی چوارچێوه‌ی عه‌قڵی بۆ بونیادنانی كۆمه‌ڵگای سیاسی به باشتر و دڵنیاتر ده‌زانی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه نه‌بوو كه ئاكۆیناس بڕوای به ئیمان و خودا‌و جیهانێكی تر نه‌بێت، به‌ڵكوو بگره بۆ پاراستنی خودی ئایین بوو. ئاكۆیناس له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو كه ئیمان هه‌ڵگری مه‌عریفه‌یه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵی مرۆڤ و ئه‌م جیهانه‌وه، كه وابوو به پێچه‌وانه‌ی ئاگۆستین كه «یه‌كه‌م تاوانی مرۆڤی»به سه‌ره‌تای ماڵوێرانی مرۆڤ ده‌زانی و ژیانی سه‌ر زه‌ویی به كاتیی و بێ ئه‌نجام ده‌زانی، به‌ڵام ئاكۆیناس پێی وابوو كه مرۆڤ به یارمه‌تی نه‌زمی سروشت و به‌ره‌كه‌تی خودا ده‌توانێت ئه‌م جیهانه بكات به شێوێنێكی شیاو بۆ ژیانی مرۆڤ.
له‌ڕاستیدا ئاكۆیناس په‌یوه‌ندییه‌كی نوێی له نێوان عه‌قڵ و ئیماندا ساز كرد یان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه ئیمانی له‌پێش عه‌قڵدا داده‌نا، له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵی ته‌كاندو په‌یوه‌ندییه‌كی نوێی له‌نێوان ئه‌م دوو بابه‌ته‌دا هێنایه ئاراوه. بیروبڕوای فه‌لسه‌فی ئاكۆیناس تێكه‌ڵاوێك بوو له مه‌سیحییه‌ت، یونانی و روومی. ئاكۆیناس له‌م رێگه‌وه ده‌یهه‌ویست مه‌سیحییه‌ت له‌ژێر چنگی پاپ و قه‌شه‌كان رزگار بكات، به‌ڵام ئه‌م شێوازه له بیركردنه‌وه‌و خه‌مڵاندنی ئه‌م بابه‌ته له‌وانه‌یه ئاكامه‌كه‌ی هیچ كاتێك له زه‌ین و مێشكی ئاكۆیناسدا به‌دی نه‌كرابێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوابه‌دوای ئاكۆیناس، هه‌لوومه‌رجێك هاته ئاراوه كه بوو به‌هۆی داماڵینی هه‌تا هه‌تایی نه‌ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی پاپه‌كان، به‌ڵكوو ناوه‌رۆكی ئایینی مه‌سیحییه‌تیش به گشتیی تووشی گۆڕان بوو و به ده‌یان لق و پۆی لێ درووست بوو، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و رێگه خۆش كه‌رییه بوو كه ئاگۆستین له‌پێناو ده‌رباز بوونی مرۆڤ له تاوانی یه‌كه‌م جۆرێك له فه‌لسه‌فه‌و بیر كردنه‌وه‌ی هێنایه ئاراوه كه دواتر ئاكۆیناسیش بۆ رزگار كردنی ئایینی مه‌سیحییه‌ت، بیروبڕواو فه‌لسه‌فه‌یه‌كی داهێنا كه بوو به به‌دیهێنه‌ری سێكۆلاریزم، به‌و مانایه‌ی كه ره‌وایی ده‌سه‌ڵاتی كلیسا‌و پاپه‌كانی خسته‌ژێر پرسیاره‌وه.
هه‌لوومه‌رجی ئاڵۆزی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و شكست هێنانی به ده‌سه‌ڵاتی پاپه‌كان و دابه‌زینی ئاستی ره‌واییان له نێوان خه‌ڵكدا به‌ره‌به‌ره رێگه‌ی خۆش كرد تاوه‌كوو بیروبڕوای كه‌سانێكی وه‌ك ئاكۆیناس په‌ره بسێنێت، به‌جۆرێك كه ناوچه ئورووپاییه‌كان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تیی بوون له هه‌موو بواره‌كان، به تایبه‌ت له‌بواری سیاسی‌دا كه ره‌وایی ده‌سه‌ڵاته ئاینییه‌كان كه‌وتبووه ژێر پرسیاره‌وه‌و قه‌یرانی ره‌وایی به گشتیی سه‌ری هه‌ڵدابوو. هه‌ر بۆیه دوابه‌دوای ئاكۆیناس زۆر كه‌س بڕوایان به‌وه‌یه كه ناوبراو رچه‌شكێنی سه‌هۆڵبه‌ندانی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی بۆ وه‌دیهاتنی جیایی دامه‌زراوه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت یان ئه‌و دیارده‌یه بێت كه ئه‌مڕۆ به سێكۆلاریزم له جیهاندا ناسراوه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر