۱۳۸۹ اسفند ۲, دوشنبه

وتاربێژان و فیلسوفەکان


هەرلە سەر دەمی کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆکە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا ململانێیەکی گەورەی نیوان ڕوانگەی ڕووکه‌ش بینی،خولیا باوەڕی،بیروباوەڕە کۆنەکان لە گەل زانست و واقێعێکان لە ئارادا بووە کە لە کۆتایی ئەم ململانێدا دەرکەوت کە واقیع و ڕاستییەکان لەگەڵ ئه‌فسانه‌کان جیاوازن کەواتە دەبێ بزانیین تیورییەکان، روانگەکان وبە گشتی فەلسەفەکان لە ڕەوتێکی تیکەڵ بە ململانێدا گەشەیان کردوە و گۆرانیان بەسەردا هاتوە ،لەم ڕەوتەدا بەردەوام فەلسەفە نوێکان جێگەی فەلسەفەی کۆنیان گرتوەتەوە چونکوو واقێعەکان بەردەوام لە گۆڕاندا بوون.
سەرهەڵدان ،گەشە پەرەسەندن و مردنی هزرەکان پەیوەندی بە واقێعەکانی ئەو سەردەمەوە بووه هەر ئەم گرێدراویەش دەریدەخات فەلسەفەی سیاسی و هزری سیاسی چۆن لە پەیوەندی بەردەوام لە نێوان ڕووداوە سیاسییە کۆمەڵایەتی و مێشکی پرسیارکەری مرۆڤە بیرمەندەکان گەشەی سەندوە . بەڵام پێویستە بزانیین هزری سیاسی بۆ پێویستە ؟ هزری سیاسی دەتوانێ بەردی بناغەی بڕیارەکان بێ؟
هزری سیاسی لە رۆژئاوادا لە یونانەوە سەرجاوە دەگرێ ، دوو گرووپی سەرەکی له یونان دەسپێکەری هزری سیاسین ،یەکەم وتاربێژەکان (خطیب) دووهەم فیلسوفەکان . لە مێژووی فەلسەفەدا وتاربێژان سێ واتایان لە خۆ گرتوە ،واتاێکیان وتاربێژە درۆزنەکانن کە بە پێی بەرژەوەندی تاکەکەسی یان گروپێکی تایبەت هەستی خەڵک هەڵدەخڕێنن بنەماکەیان درۆیە  و لەبەرانبەر فیلسوفەکاندا دەوەستن، واتایەکی تری وتاربێژی ئەوەیه کە وتاربێژ دەچێتە خزمەتی فیلسوفەوە یانی بابەتە فەلسەفییەکان بە زمانێکی ساکار بۆ خەڵکی دەگێڕێتەوە تا لێی تێبگەن، واتای سێەم لە وتاربێژی ئەوەیە کە وتاربێژ لە گەڵ فیلسوفدا ململانێ دەکات و حەقیقەتە فەلسەفییەکانی پێ فشەیە و لێرەدا مەبەست لە وتاربیژ تاقمی سێهەمە کە هیچ سەریەتییەک (فەزیلەت) لای  ئەو باڵاتر لە  بواری سیاسی نییە .
وتاربیژەکان فیلسوفەکانیان بە سوکوسۆڵ دەزانی و هزری سیاسی و فەلسەفیان بۆ بواری زەینی سەردەمی لاویەتی بە گونجاو دەزانی بەلام بە گشتی بە شتێکی خراپ و بڤەیان دەزانی. وتاربێژەکان دەیانگوت کۆمەڵگا زۆرتر لەوەی کە پێویستی بە پەروەردە بێ پیویستی بە کردەوەی پۆزیتیڤ هەیە لە چوارچێوەی خۆشی و چێژ وەرگرتن لە ژیان کە بە شێعر، گۆرانی و وتار وتنەوە مسۆگەر دەکرا، چونکوو بڕوایان بەوە بوو کە ئەبێ خەڵک بەردەوام لە خۆشیدا بن ، وتار بێژ بیری لەوە نەدەکردەوە کە وتارەکانی ڕاستن یان هه‌ڵه، تەنانەت بۆیان گرنگ نەبوو بە درۆ و فێڵ خەلک کۆبکەنەوە ، وتاربێژ لە بەستێنی کۆمەڵایەتیدا ئەو شتەی پێ ئەخلاقی بوو کە لە بەرژەوەندی خەڵکدا بێ بۆ چێژ بردن لە ژیان. داوایان لە خەڵک دەکرد ڕێز لە یەکتر بگرن ، یەکتریان خۆش بوێت و گیان فیدای یەک بن ، بە دیهاتنی ئەم هەلومەرجەشیان تەنیا لە ڕێگای هەڵخڕاندنی هەستی خەڵکەوە بە شیمانەکراو دەزانی .لە ڕاستیدا وتاربێژ خۆی بە ڕاستی و هەڵەوە گرێ نادات ، گرنگ بۆی ئەوە بوو چۆن هەستی خەڵک بە جۆرێک ببزوێنن تا لە بەرژەوەندیاندا بێ. وتاربێژ باوەڕی بە حەقیقەت نەبوو و پێوەرێکیشی بۆ دیاری نەدەکرد.پێوەرە سەرەکییەکانی وتاربێژ بریتی بوون لە باشتر ژیان، پێکەوە ژیان و بەرگری و فیداکاری. وتاربێژەکان دەیانگووت ناکرێ بیروباوەری ڕاست بخەینە جێگای بیروباوەڕی هەڵە چونکوو پیان وابوو لۆژیکی عەقڵانی هەمیشە ئاکامی باشی بەدواوە مەگەر ئەوەی بەهاکان کۆمەلگا تێکبدەن.
وتاربێژان گرنگیان بە هونەرمەندان،شاعێران و ئۆستورەکان ئەدا چونکوو وردبینی فیلسوفەکانیان بە دەبەنگی دەزانی . وتاربێژان رێزیان لە ئایینی خەڵکی دەگرت بە بێ ئەوەی ڕاست یان هەڵە بوونی بنەماکانی ئەو ئایینە لە بەر چاو بگرن. وتاربێژە یونانییە کان پیان وابوو نەزم و بونیادی کۆمەڵایەتی ئەو بونیادەیە کە بیروباوەڕ و بیرەوەری و ئۆستورەکان مسۆگەر دەکات هەر بەم بۆنەشەوە بەسەرهاتی چیرۆکەکانی پاڵەوانی ئیلیاد و ئۆدیسەی هومێریان دەگێڕایەوە. هومێر پڕە لە قەدەر و چارەنووس گوایە بۆ مرۆڤ و خوداکان چارەنوسێک دیاری کراوە بەڵام ئەم قەدەر و چارەنووسە حاشاهەڵنەگر نییه چونکوو هەم خوداکان و هەم پاڵەوانەکانی ئیلیاد و ئۆدیسە لە گەڵ چارەنووسی خۆیان بە شەڕ دێن و دەتوانن بیگۆڕن . قارەمانی هومێر بیر لە بەرژەوەندی گشتی ناکاتەوە و بەها ئەخلاقیەکان زۆر لە گۆڕێدا نییە .
وتاربێژە یونانییەکان پیان وابوو پڕوپاگەندەکردن بۆ بەها پاڵەوانێتیەکان ڕۆحی نەتەوەی گەل دەهەژێنێ و زیندووی دەکاتەوە هەروەکو پاڵەوانەکانی هومێر کە لە هیچ شتێک بێجگە لە شانازی و شکۆ بیر ناکەنەوە .ناوەڕۆکی سیاسەتی یونانیش هەر ئەمەیە واتە هەستی نەتەوەیی بۆ سەرکەوتن و شانازی. وتاربێژ پیوابوو کاتێ سیاسەت لێوانلێو بێ لە زوڵم و ستەم و دەسەڵاتدارێکی زاڵمیش حکومەت بکات دەرخەری ئەوەیەکە سیاسەت بە شکۆو شانازی نەگەیشتوە و ناتەواوە بەڵام ئەگەر سۆزی گشتی و نەتەوەیی هەڵخڕابێ دەسەڵاتدار ناتوانێ ویستی خۆی بە سەر ویستی گشتیدا زاڵ بکات جا لێرەدا ڕۆڵی وتاربێژ هەڵخڕاندن و ڕاگرتنی ئەم سۆزە گشتیەیە. وتاربێژی یونانی هەمیشە سەربەستانە بیر لە هەستی گشتی دەکاتەوە  پیان وایە بۆ هەڵخڕاندنی خەڵک نابێ ئاماژە بدەیتە بیروباوەڕیان بەڵکوو ئەبێ هەستیان ببزوێنی، هەر بۆیە تەنانەت ماکیاڤێلیش باسی سەردەمی وتاربێژی لە یونان دەکات و ئەڵێ سیاسەت ئەخلاقی تایبەت بە خۆی هەیە واتە ئەخلاقێکی گشتی و بە کۆمەڵی هەیە کە جیاوازە لە ئەخلاقی تاک، لەوانەیە دژی یەکیش بن . بە گشتی ناوەڕۆکی وتارەکانی وتاربیژی یونانی وتارێکی کاریگەر تەوەرە نەک ڕاستی یان هەڵە تەوەر.
لە بەرانبەر وتاربێژاندا گروپێ دووهەم فیلسوفەکانن کە دوابەدوای کزبوون و داڕمانی شارستانییەتی یونانی بە هۆی شەڕە ناوخۆییەکانەوە و مردنی سۆقڕات و کاڵ بوونەوەی دێموکراسی ئاتێنی و کەوتنە پەراوێزی وتاربێژەکان ، دەرکەوتن. سوقڕات پێش فیلسوف بوونی لە قارەمانەکانی شەڕی ئاتێن بوو، وەکو زانایەک لای هەمووان ڕێزی تایبەتی هەبوو بەڵام هەر ئەو خەڵکە بە تاوانی لاوازکردنی بەها ئایینی و  حکومەتییەکان سزای مردنی بۆ دەستنیسان دەکەن ، دوابەدوای خوێندنەوەی بەرگرینامەکەی لە "ئاگرا" (شوێنی بڕیاردانەکان لە ئاتێن) خەڵک زۆرتر سوربون لە سەر سزای مردنی سوقڕات بەڵام دوای مردنی سوقڕات  خەڵک بەرەبەرە بۆیان دەرکەوت کە بڕیارەکەیان هەڵە بووە هەر لەو کاتەوە بوو کە دێموکراسی ئاتێنیش داڕما. لەو ڕێکەوتە بە دواوە بوو کە فەلسەفەی یونانی بوو بە میراتی فەلسەفی هەموو جیهان.
سۆنگەی فیلسوفەکان ڕاستی تەوەر بوو واتە وتارێک سەرێتی(فەزیلەت) هەبوو کە ڕاست بێ، لە حاڵێکدا وتاربێژەکان خەڵک تەوەر بوون و لایەنگری دێموکراسی بوون بەڵام فیلسوفەکان ئێلیتخوازو ئاریستۆکرات بوون و ڕەخنەگری دێموکراسی بوون . لە سەردەمی فیلسوفەکاندا زانایی گرێدراوی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بوو، بە گشتی بۆ دیاریکردنی ڕاست بوونی شتێک ئەم پێوەرانەی خوارەوە لە بەرچاو دەگیردرێ: ١. هاوتەریبی لۆژیکاڵ بە سەرنجدان بە هۆکارە دەرەکییەکان ٢.ئەزموونی کردەوەیی بە سەرنجدان بە هۆکارە ناوخۆییەکان٣.هاودەنگی ٤.نەریتخوازی ٥.کۆک بوون لەگەل حوکمی خودا ٦.کۆک بوون لەگەڵ بەرژەوەندی ٧. کۆک بوون لەگەڵ واقێع و بونیادی جیهان . لە کۆی ئەو خاڵانەی کە باسیلێکرا خاڵگەلی ١و٧ لە فەلسەفەی یونان سەرچاوە دەگرێ.
بەم پێیە سیستەمێک لە مەعریفە دەبێ بە سەر سیاسەتدا زاڵ بێ ،سەرنموونە و سنووری پێڕەوی کردن لە دەسەڵاتدار لە سیستەمێکی مەعریفی و زانایی پێڕەوی دەکات کە ڕاست بوونی ئەم سیستەمە ئەبێ بە پێی واقێعەکانی جیهان بێ، لەم سیستەمەدا "بوونێک" و "ئەبێ"ێکمان هەیە فیلسوف ئەڵێ بە دیاریکردنی وڵامی ئەوەی کە جیهان چییە؟ دەتوانین وڵامی پرسیاری چی کردن؟ بدەینەوە. هەر بۆیە ئەفلاتون کۆک بوون لەگەڵ بونیادی جیهانی، بە پێوەری ڕاستی دەزانی.
یەکەم هەنگاوی فیلسوف ئەوەیە کە ئەڵێ جیهان ڕێکەو نەزمی هەیە کەواتە فیلسوف ئەبێ شیی بکاتەوە سەرەتای فەلسەفەش هەر لێرەوە دەستپێدەکات ، فیلسوف لە بەرانبەر جیهانی ئۆستورەدا دەوەستێ ،جیهانێک کە بێ سەروبەرەیە و بەردەوامە لە دووپاتکردنەوەی بێسەروبەرەیەکەیدا. لە ڕاستیدا لە جیهانی ئۆستورەدا مرۆڤ ناتوانێ پێگەی خۆی دیاری بکات فیلسوفە یونانییەکان هەوڵیان گواستنەوەی مرۆڤ بوو بۆ جیهانێکی رێک و پێک و خاوەن دیسیپلین ، بەو واتایە کە فرەچەشنی جیهان کەم بکاتەوەو پاکانەی بۆ بهێنێتەوە . هەر بەم پێیەش چەمکێک وەک یەکسانی(عەداڵەت) کاتێ واتا بە خۆوە دەگرێ کە مرۆڤ لە جیهانی ئۆستورە دەرباز دەبێ چونکوو پاش ئۆستورەیە کە مرۆڤ هەست بە ڕێکوپێکی و نەزمی جیهان دەکات.
لە ڕوانگەی فیلسوفەکانەوە سیستەمی مەعریفی یان ئێپیستێمه لە لایەکەوە بە جیهانەوە گرێدەدرێ لەلایەکیشەوە بە کۆمەڵگا، لە کۆمەڵگایشدا ئەو کەسانەی وا هێمای زانین و مەعریفەن دەبێ لە تەشقی هەمووکەسدا دابنرێن،ئەکەسانەیش کە هیزی سەربازین دەچنە پلەی نێوانجییەوە وخەڵکی ئاسایی یان جەماوەریش لە خواروی هەموو کۆمەڵگادا دەوەستێ. ئەم بنەما سەرەکییە لای فیلسوفەکان بۆ ئەم رێچکە فیکرییە دەگەڕایەوە کە رواڵەتی جیهان بەتاڵ و بێمانایە بەڵام ناوەڕۆکێکی حەقیقی هەیە کە وابوو بۆ جێبەجێکردنی نەزم دەبێ کەسێک هەبێ کە خەڵک لەو بەتاڵییە ڕزگار بکات تاوەکو هەموو کەسێک بە ناوەڕۆکی حەقیقی و هەتاهەتایی ئەم جیهانە بزانێ. فیلسوفەکان یەکەم وڵامیان بە پرسیار لە سەر جیهان ئەمە بوو کە جیهان پێویستی بە نەزم و سیستەمێکی رێکوپێک هەیە کە هەموو فرەچەشنییەکان بکات بە یەکیەتی لە جیهاندا،لە جیهاندا ماتریاڵێک بناغەدانەری هەموو ماتریاڵەکانە ئەم ماتریاڵەش بنەمای جیهانە و هەموو ماتریاڵەکانی تر لە ماتریاڵە سەرەکییەکەوەسەرچاوە دەگرن کە وابوو ئەبێ جۆرە پەیوەندی و یاسایەک هەبێ کە بەو پێیە ماتریاڵەکانی تر ساز ببن .لە ئاکامدا پێوەندییەک و دەستورێکی بەردەوام لە نێوان دیاردەکاندا هەیە کە فیلسوفەکان بەم دەستوورو پەیوەندییە بەردەوامە ئەڵێن" لۆگوس".
 فەلسەفەی سیاسی باس و وتووێژێکە لەسەرباشترکردنی چۆنایەتی بوارە گشتییەکان. لە ڕوانگەی یونانییەکانەوە بنەماڵە دامەزراوەیەکی تایبەتییە و پەیوەندی ئەندامانی بنەماڵەش تایبەتی و تاکەکەسییە کەوابوو سیاسەت لە نێو بنەماڵەدا جێگەیەکی نییە بەڵکوو سیاسەت لە دەرەوەی بنەماڵەیە، لە ڕوانگەی ئەوانەوە پەیوەندی سیاسی یەکسانە لە نێوان چەند کارگێڕی سەربەخۆدا لە حاڵێکدا بنەماڵە پاتریمونیاڵە و لە چوارچێوەی ملکەچ بوون بە باوکدایە و پەیوەندییەکی ئەستوونی بە سەریدا زاڵە.
فەلسەفەی سیاسی باس و وتووێژێکی ڕەخنەگرانەیە و لە وکاتەوە هاتوەتە کایەوە کە توانراوە بواری سیاسی بە شێوازێکی عاقڵانە بنرخێندرێت، یونان بێشکەی فەلسەفەی سیاسییە چونکوو لە بابەت چییەتی بواری سیاسییەوە بە شێوازێکی رەخنەگرانە باسیان کردوە، لە ڕاستیدا فەلسەفەی سیاسی لە شوێنێک دەبزوێ کە بوار بۆ باسکردنێکی ئازادانە لە سەر سیاسەت ڕەخسابێ، بە دەربڕینێکی تر شوێنێک هەبێ بۆ ئەم باسانە ،لە یوناندا دوو شوێن بۆ ئەم جۆرە باسانە بووە یەکێک" ئاگرا" ئەویتریش "ئاکلزیا" . لە بیرمان نەچێ ئەم جۆرە باسانەش نۆرماتیڤ و بەهاخوازانەیە واتە داوەری کردنە لە سەر باشترکردنی هەلومەرج و بارودۆخەکان.   
                                                                                                            ئەمین سورخابی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر